بەڕێوەبەری ئەمنی و ئینتزامی پارێزگای سنە رایگەیاند لە تێکهەڵچوونێک لە نزیک مەریوان 11 لە ئەندامانی خۆجێی سوپای پاسداران شەهید بوون و 8 ی دیکەشیان بریندار بوون. قەرارگای حەمزەی سوپای پاسدارانیش دەڵێت، کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی تەقێندراوەتەوە.
ئەم تێکهەڵچوونە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە روویداوەو تاوەکو ئێستا هیچ رێکخراوێک بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە. رەزا میرزایی، بەڕێوەبەری ئەمنی و ئینتزامی پارێزگای سنە دەڵێ 8 کەس لە شەهیدەکان خەڵکی مەریوان و سێ کەسی دیکەشیان خەڵکی شاری قوروەن. ئەو بەرپرسەی پارێزگای سنە دەڵێ: دواتر زانیاری زۆرتر لەم بارەوە بڵاودەکەینەوە.
فەرماندەیی پێشمەرگەی کوردستان، سەربە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاندووە، شەڕەکە لە نێوان هێزێکی شۆڕشگێڕ و سوپای پاسداران لە نزیک گوندەکانی دەرێ و نشکاش روویداوە.
لەم رۆژانەدا دووجار تێکهەڵچوون لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و گەریلاکانی پژاک لە نزیک مەریوان و پاوە روویاندابوو. لەو تێکهەڵچوونانەدا چوار هێرشبەر گیانیان لەدەستدابوو. هەروەها چەند ئەندامێکی سوپای پاسدارانیش شەهید بوون.
لە ماوەی رابردوودا هێزی پێشمەرگەی سەربە حدکاش لە ناوچەی مەریواندا لەگەڵ پاسداران شەڕیان هەبووە. هەروەها لە چەند شوێنێکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش تێکهەڵچوون لەنێوان پێشمەرگەی حدکا و هێزەکانی سوپای پاسداراندا هاتبووە ئاراوە.
لەلایەکی دیکەوە قەرارگای حەمزەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، شەوی رابردوو هەینی 20-7-2018 لە هێرشێکی”تیرۆریستەکانی دژی شۆڕشی ئیسلامی” بۆ سەر بنکەی ناوەندی قەرارگای حەمزە لە گوندی دەرێ و دواتریش تەقینەوەی کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی، 10 پاسدار شەهید بون.
لە راگەیێندراوەکەی قەرارگای حەمزە باس لەوە کراوە کە چەند کەسێک لە هێرشبەرەکان کوژراون و چەند کەسێکی دیکەشیان برینداربوون و هەڵهاتوون.